پلانی چارەسەرکردنی پاشماوەی بیناسازی و ڕووخاندن لە شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی شار و ڕێگریكردن لە فڕێدانی نایاسایی و هەڕەمەكییانەی پاشماوەی بیناسازی و ڕووخاندنی خانوو و باڵەخانە لە شاری هەولێر، پلانی چارەسەركردن دادەنێت و چەند شوێنێكی تایبەتیش بە چارەسەركردنی پاشماوەكان دیاری دەكات.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سیمیناری چارەسەركردنی پاشماوەی بیناسازی و ڕووخاندن لە شاری هەولێر، بە بەشداریی فەرمانگەكانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوە چوو و تێیدا دوو پلانی كورتخایەن و درێژخایەن بۆ چارەسەركردنی پاشماوەی بیناسازی و ڕووخاندن، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و بڕیار درا لەمەودوا دەبێت پاشماوەی بیناسازی و ڕووخاندن لە چەند شوێنێكی دیاریكراودا كۆ بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت و لە پلانی داهاتووشدا چەندین كارگەی ڕیسایكلین بۆ ئەو مەبەستە دروست دەكرێن.
ئەو سیمینارە لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێك خرا بۆ دۆزینەوەی میكانیزم و ڕێكاری تایبەت بە چارەسەركردنی پاشماوەكانی بیناسازی و ڕووخاندن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، ئاماژەی بەوە كرد حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕژە لە چارەسەركردنی ئەو پرسە و دەبێت بە زووترین كات و بە كردەیی چارەسەری فڕێدانی پاشماوەكانی بیناسازی لە شاری هەولێر بكرێت و جەختیشی لەسەر دانانی مەرج و ڕێنماییی نوێ بۆ تێكدان و فڕێدانی پاشماوەكان كردەوە، بۆ ڕێگری لە پیسكردنی ژینگەی شاری هەولێر و بەكارهێنانەوەی پاشماوەكان.