Skip to the content

پڕۆسەی چاودێری و پاراستنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ بازرگانییەکانی بازاڕەکان بەردەوامیی هەیە

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، زیاتر لە ٦٠٠ شوێنی بازرگانی كە بە هۆی پابەندنەبوونیانەوە ئاگەدار كراونەتەوە و پاش وەرگرتنی ماوەیەكی مۆڵەت بۆ ئەوەی تابلۆكانیان بكەنە كوردی، زۆربەیان چاكیان كردووە و نزیكی ١٣٠ شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوونەوە، ڕێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا گیراوەتە بەر. ئەم كارە لەسەر ئاستی هەموو شارەوانییەكانی تری كوردستان دەكرێت و پرۆسەكە بەردەوامە. هەروەها شوێنە گەشتیارییەكان و چێشتخانە و هۆتێلەكان، پابەند كراون.

زمانی سەرەكیی هەر شوێنێكی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا كوردی نەبێت، ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر، ئەمەش لە دوای بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دەبێت بایەخی زیاتر بە زمانی كوردی بدرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نووسراوی فەرمیی بۆ دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی وەزارەت كرد، ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر بۆ پابەندبوون بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ژمارە (٦٠٥ لە ٢١ى ئاداری ٢٠٢٣).
لە نووسراوەكەشدا داوا لە هەموو فەرمانگەكان كراوە كاری پێویست بكرێت و لە ئەنجامەكەشی ئاگاداری وەزارەت بكرێتەوە.

هەموو فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاستەوخۆ پاش ئەو بڕیارە، ڕێوشوێنی یاسایییان بە پشتبەستن بە یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان/ عێراق ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٤ گرتووەتە بەر، هەر وەك چۆن لە نووسراوەكەی وەزیری شارەوانیشدا ئاماژەی پێ كراوە كە دەبێت نووسینی تابلۆ بە كوردی لە سەرجەم دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكاندا هەبێت، هەروەها لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕیستۆرانتەكاندا دەبێت گرنگی بە زمانی كوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنمایییەكان بە زمانی كوردییش هەبن.