بۆ جێگرتنەوەى ئەو بیرانەی لە هەولێر وشک بوون بیری نوێ لێ دەدرێن
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت "لە ساڵی ١٩٨٦ەوە تا ئێستا، ٤٠٠ مەتر ئاستی ژێر زەوی دابەزیوە"، گوتیشی "لە بری ئەو بیرانەی لە هەولێر وشك بوون، بیری تازە لێ دەدرێن و تۆڕەكانی ئاویش نوێ دەكرێنەوە، سەرباری چارەسەرە ستراتیژییەكان لە گۆڕینی سەرچاوە لاواز و كاتییەكان، بۆ دروستكردنی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو".
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: "بە هەر سێ پڕۆژە ستراتیژییەكەی ئاوی ئیفرازی یەكەم و دووەم و سێیەم، ١٣ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین دەكرێت، هاوكات بە ١٢٤٠ بیریش، ١٣ هەزار مەتر سێجای دیكە ئاو بۆ هەولێر دابین دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە تا ئێستا ٤٠٠ مەتر ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە، بەڵام دەتوانرێت بە دروستكردنی پۆند و بەنداوی بچووك، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز بكەینەوە". گوتیشی: "لە سنووری هەولێر ٢٨ پۆند و بەنداوی بچووك دروست كراون و ٢٢ی دیكەش كاریان لەسەر دەكرێت".