بەدواداچوون بۆ هەنگاوەكانی پرۆژەی ناوچەی بەفرزۆنی شاری هەولێر كرا
ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، به سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ناوچەی بەفرزۆن و چاره‌سه‌ری کێشە و گرفتەکانی گەڕەکەکانی تەعجیل و عەرەب و خانەقا بەڕێوەچوو.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان سەبارەت بە پرۆژەكە خستەڕوو و جەختیان كردەوە كه پێویسته زنجیره كۆبوونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به بەفرزۆن له‌مه‌ودوا هه‌نگاوی کردەیی و به‌رجه‌سته‌كراو بۆ جێبەجێكردنی كارەكان بنێت.
ئاماژەیان بەوەش كرد ئەو زۆنە بە دڵی هەولێر دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی دێرین و كلتووریی شاری هەولێرە و جێی بایەخی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و دەبێت لەسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی بە ڕەچاوكردنی لایەنی مێژوویی و كلتووری نۆژەن بكرێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا لێژنه‌كانی تایبەت بە ناوچەی بەفرزۆن به جۆرێك ئاراسته‌كران كه له چوارچێوه‌ی ماسته‌رپلان و لە ماوەیەكی كەمدا داتا و ئامار و بیرۆكه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو تا بە نەخشەسازی و دیزاینێك كە لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنەی سەنتەری شاری هه‌ولێر بگونجێت، كە یەكێكە لە گرنگترین ناوچەكانی شاری هەولێر .
هەروەها گه‌نگه‌شه‌ی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی تایبەت بە ناوچەكە كرا كه هێشتا به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه، لەم ڕووه‌وه چه‌ندین پرسی په‌یوه‌ندیدار به ئیستیملاككردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکانە و كێشه هونەری و کارگێری و یاساییەکان تاوتوێ کران.