Skip to the content

سیستەمی هاتووچۆی دەورووبەری قەڵای هەولێر رێک دەخرێتەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی سەنتەری شار و پەرەپێدانی هاتووچۆی دەورووبەری قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو سەنتەری شار و دەورووبەری قەڵای هەولێر و ڕێکخستنەوەی شەقام و شوستەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستییان بە پاککردنەوە و چاککردنەوە هەیە.
 
هەروەها جەخت لە چارەسەرکردنی گرفتی هەموو ئەو شوێن و شەقامە سەرەکییانە کرایەوە، کە لە چەند جێگایەکی شاری هەولێر قەرەباڵغییەکی زۆریان کەوتووەتەسەر و بەهۆی زۆری ژمارەی ئوتۆمبێلەوە دووچاری خنکانی هاتووچۆ هاتوون. بۆ ئەو مەبەستەش، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بە هەماهەنگی یەکتر و لە ڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەش لەگەڵ قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێرەوە چارەسەری ئەو پرسە بکرێت.
 
ئامانج لە كۆبوونەوەکە چارەسەركردنی گرفتی جەنجاڵی و ڕێكخستنەوەی شەقامەكانی دەورووبەری قەڵای هەولێرە، بۆ ئەوەی سیمایەكی جوان بە شار ببەخشێت و ڕەنگدانەوەیەكی كلتووری هەبێت، چونکە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار سەردانی ئەو ناوچەیەی شاری هەولێر دەكەن.
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، جەختیان لەسەر بەزوویی جێبەجێكردنی کارەکان كردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش دروستکرا بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگدا هەموو ئەو کارانە جێبەجێ بكرێن.
 
لە کۆبوونەوەکدا هەریەک لە د.سەرباز نەجیب، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ڕاوێژكاری وەزارەت و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و د.چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ئامادەی بوون.