Skip to the content

هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ ناوچه‌ی به‌فرزۆنی هه‌ولێر ده‌نرێت

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ١٥ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٣، به‌ سه‌رپه‌رشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، ئەندامانی لیژنه‌ی تایبه‌تی ناوچه‌ی به‌فره‌زۆن له‌ هه‌ولێر كۆ بوونه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیاری تایبه‌ت به‌و ناوچه‌یه‌ دران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرنگیی ناوچه‌ی به‌فره‌زۆن كه‌‌ هه‌ر سێ گه‌ڕه‌كه‌كانی (عه‌ره‌ب، خانه‌قا، ته‌عجیل)ی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه‌، دووپات كرایه‌وه و دواتر لیژنه‌ی تایبه‌تی به‌فرزۆن له‌ ڕێگه‌ی داتاشۆوه‌ به‌ داتا و ئامار ورده‌كاری، موڵكه‌كانی هه‌ر سێ گه‌ڕه‌كی (عه‌ره‌ب، خانه‌قا و ته‌عجیل)ی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێریان‌ شی كرده‌وه‌ و په‌نجه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ دانران كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بێنه ‌پێش، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌م خانووانه‌ تا ئێستاش موڵکاندن (ئیستملاک) نه‌كراون‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پلان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌ یاساییه‌كانیان دیاری بكرێت.
  
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگاری هه‌ولێر كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستبردن بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ناوچه‌ی به‌فرزۆن به‌یه‌كه‌وه‌ كارێكی قورسه‌ و پێویسته‌ نموونه‌یه‌ك له‌و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌ وه‌ربگیرێت كه‌ ده‌ستنیشان كراوه ‌و بیرۆكه‌كانی له‌سه‌ر جێبه‌جێ بكرێن، هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی به‌فرۆزن دران له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: كاركردن له‌سه‌ر هه‌ر سێ گه‌ڕه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ ئاسان نییه، بۆیه‌ پێویسته‌ قورسایی بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و كۆڵانه‌ی دیاری كراوه‌، ورده‌كاریی كاركردنی بۆ ده‌ستنیشان بكرێت.
دووه‌م: كاركردنی هونه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و جێگایا‌نه‌ی كه‌ به‌ نه‌زاندراوی ماونه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی (شاره‌وانی - تۆماری خانووبه‌ره‌)، به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.
سێیه‌م: دیزاینكردنی شوێنەکه‌‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌، واته‌ پلانێك ئاماده‌ بكرێت و گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی نه‌خشه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ بكرێت.
چواره‌م: دوای دیزاین، ده‌رخسته‌یه‌ك‌ ئاماده ‌ده‌كرێت‌ و دواتر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران دیاری بكرێت بۆ به‌رچاوڕوونییان، هه‌روه‌ها ڤیدیۆیه‌ك له‌سه‌ر كۆی پڕۆژه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت.