Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پلانی بەرەوپێشبردنی سێكتەری گەشتوگوزار تاوتوێ دەكات

ڕۆژی سێشەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی پلانی گەشتوگوزار بۆ بەرەوپێشبردن و بووژاندنەوەی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەران و سەرۆك بەشەكانی ئەو دەستەیە ئامادەی بوون، تاوتوێی جێبەجێكردنی پلانی بەرەوپێشبردنی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان كرا.

لە وتەیەکدا ساسان عەونی، تیشكی خستە سەر گرنگیی سێكتەری گەشتوگوزار و بایەخدانی كابینەی نۆیەم بە گەشتوگوزار و ئاماژەی دا كە سێكتەری گەشتوگوزار یەكێكە لە سێكتەرە گەورەكانی حكومەت و دەبێت ڕۆڵێكی بەرچاوی لە زیادكردنی داهاتدا هەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند: ''حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك لە ڕوانگەی گرنگیی گەشتوگوزارەوە لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا بایەخێكی زۆری بەو سێكتەرە داوە و پێویستە لە چەند مانگی داهاتوودا بە پلان و بەرنامەی نوێ و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و دامودەزگەكانی تری گەشتوگوزار وەك یەك تیمی بەهێز كار بکرێت و ئەنجامی باشتر پێشكەش بكەین.''

ساسان عەونی، تیشکیشی خستە سەر پلانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار كە ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كرا و پەسەند كرا، بەوردی بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پلانەكە كرد و لەو چوارچێوەیەشدا دەستەی گەشتوگوزاری ڕاسپارد بۆ ئەوەی كارەكان باشتر بكەن و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەنجامی باشتر بە دەست بهێنن، ئەوەش لە پێناو زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران و داهات و بووژاندنەوەی سێكتەرەكە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.

لە وتەیەکدا ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار باسی لە كارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری كرد و سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد كە بەردەوام هاوكار و پاڵپشتێكی بەهێزی دەستەی گەشتوگوزار بووە و ئەوەش ڕەنگدانەوەی باشی لەسەر كارەكانی دەستەکە هەبووە.