Skip to the content

پڕۆژەی بەهێزکردنی حکومەتی خۆجێی شاره‌وانییه‌كان (LOGoReP) ته‌واو كرا

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ڕێكخراوی (VNG)ی هۆڵه‌ندی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژەی بەهێزکردنی حکومەتی خۆجێیی شاره‌وانییه‌كان (LOGoReP) ته‌واو ده‌كه‌ن و وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری بۆ ڕێكخراوه‌كان دەکات به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی توانای زیاتری فه‌رمانگه‌كانمان و كاركردنی پێكه‌وه‌ییمان.

رۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و یاکو بیریند، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر و بەڕێوەبەری ڕێکخراویVNG لە عێراق ڕێوڕه‌سمی ته‌واوبوونی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژەی بەهێزکردنی حکومەتی خۆجێیی شاره‌وانییه‌كان (LOGoReP) له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

لە گوتەیەکدا ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایگەیاند: ''ئه‌مڕۆ كۆتایی به‌ قۆناغێكی‌ هه‌ماهه‌نگی و كاركردنی به‌رده‌وامی نێوان فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی (VNG)ی هۆڵه‌ندی دێت كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی كاركردندا سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارودۆخه‌ ناخۆشه‌كان به‌رهه‌می زۆر باشی‌ بۆ په‌ره‌پێدانی توانای به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌وانییه‌كان هه‌بووه،‌ به‌ تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی كه‌مپی په‌نابه‌رانیان تێدایه‌.''

ساسان عه‌ونی، ئاماژەشی بەوەدا کە ئه‌و پرۆژه‌یه‌ قۆناغی یه‌كه‌می له‌ قوشته‌په‌ و باسرمه‌ و كه‌ورگۆسك ته‌واو بووه‌ و قۆناغێكی تری له‌ سێبیران و كانی قڕژاڵه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كات.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، سوپاسی ڕێكخراوی (VNG)ی هۆڵه‌ندی كرد كه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامدابووه‌ و رایگەیاند:'' كاری باشمان به‌یه‌كه‌وه‌ كردووه‌ و داواشیان لێ ده‌كه‌ین له‌ داهاتوودا ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ی نێوانمان‌ به‌رده‌وام بێت.''

ئاماژەشی بەوەدا کە هه‌ماهه‌نگییه‌كانی (VNG)ی هۆڵه‌ندی ته‌نیا له‌ بواری په‌ره‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌ خۆجێییه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكوو له‌ چه‌ندان بواری تردا به‌ تایبه‌تی له‌ بواری GIS و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و توانای مرۆیی و دابینكردنی پێداویستی، هاوكاری داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌تیان كردووه و‌ گوتی: ''هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌‌ هه‌موو كاتێك ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگی و كارئاسانیمان هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ڕێكخراوه‌ دۆسته‌كان كه‌ ده‌یانه‌وێت هاوكاری خه‌ڵك و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانی توانای زیاتری فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت. ''