شاندێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری پێشانگەی بازرگانیی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی و هەرێمی کرد
ئەمڕۆ هەینی 17-3-2023، شاندێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پراگی پایتەختی وڵاتی چیک، بەشداری لە پێشانگەی بازرگانیی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی و هەرێمی کرد، کە بە بەشداری زیاتر لە 20 وڵات بۆ ماوەی سێ بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی چوارشەممە 11/1/2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە کارێل کۆرتانێک، کونسوڵی وڵاتی چیک لە هەولێر كرد و لە دیدارێكدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان كرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە كرد لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بایەخێكی زۆر بە سێكتەری گەشتوگوزار دەدرێت. هاوكات لە دیدارەكەدا كونسوڵی چیك ئاماژەی بەوە كرد وڵاتەکەی وڵاتێكی گەشتیارییە و ئەوان دەتوانن هەماهەنگ و هاوكاری حكوومەتی هەرێم بكەن.
شاندەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش کە بەشداریان لە پێشانگەکەی وڵاتی چیک کرد، پێكهاتوون لە بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، ڕاپەڕین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەت و نوێنەری دەستەی گەشتوگوزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
شاندی وەزارەت لە میانەی یەکەم ڕۆژی پێشانگەکەدا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتی چیک تایبەت بە گەشتیاری ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە گرێدانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولایەنی هەرێمی کوردستان و چیک کرایەوە و بڕیاریشە لە داهاتوودا گفتوگۆی زیاتر لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانیانی نێوانیان بکرێت.