Skip to the content

لە کۆبوونەوەیەکدا پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پرۆژە پیشنیاركراوەكانی ساڵی ٢٠٢٣ی تاوتوێ كران

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا، چەند تەوەرێكی گرنگ بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی سۆران و دەوروبەری گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، لەوانە چارەسەركردنی گرفتەكانی نەخشەی سۆران و تاپۆكردنی زەویی كارت و ڕێگریكردن لە زێدەڕۆیی سەر زەویی شارەوانی و چارەسەركردنی گرفتی ئەو باڵەخانە و شوێنانەی لەگەڵ ماستەرپلان ناگونجێن.

لە تەوەرێكی تردا پرۆژە پێشنیاركراوەكانی ساڵی ٢٠٢٣ و پرۆژە تەواونەكراوەكانی سۆران و دەورووبەری و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك و پرۆژەی ڕیسایكلین لە سۆران تاوتوێ كران.

بابەتی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و پەرەپێدانی پارك و باخچەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون بە تایبەتی ئەو پارك و باخچانەی پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، لەگەڵ دروستكردنی پاركی نوێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەم ڕووەوە جەخت لەسەر پەرەپێدانی سێكتەری سەوزایی و نۆژەنكردنەوەی پاركەكان كرایەوە.

لە هەمان کاتدا باس لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان بۆ گەڕەك و شوێنە گشتییەكان کرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی كردەوە کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەوروبەری دەكات.