Skip to the content

یەكەمین سیمیناری پەیڕەوكردنی پلانی ئاوەدانی و بیرۆكەی شاری كەم كاربۆن بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێشەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، یەكەمین سیمیناری "پەیڕەوكردنی پلانی ئاوەدانی بە ڕەچاوكردنی بیرۆكەی شاری كەم كاربۆن" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەچوو.
 
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، تیمێكی ئەندازیارانی وەزارەت سەردانی وڵاتی ژاپۆنیان كرد و لەو سەردانەدا بەشداریان لە چەندین خولی ڕاهێنان و ئاشنابوون بە بواری ماستەرپلان كرد.
 
لەو سیمینارەی ئەمڕۆدا لەلایەن ئەندازیارانی بەشداربووی خولەكانی ژاپۆن، سێ پرێزنتەیشن كە تایبەت بوون بە گەیاندن و خستنەڕووی ئەو بیرۆكە و زانیارییانەی لە ڕاهێنانەكانی ژاپۆن تایبەت بە ماستەرپلان، پێشكەشی ئامادەبووان كران، بۆ ئەوەی لەكاتی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێردا دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەولێر، سوود لە بیرۆكە و زانیاریی خولەكانی ژاپۆن وەربگرن بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی لە پیشختنی شاری هەولێردا.
نوێنەرانی ئۆفیسی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی لە هەولێر و تیمی جایكا تایبەت بە پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر و بەڕێوەبەران و ئەندازیاریان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری هەولێر ئامادەی سیمینارەكە بوون.