Skip to the content

زیاتر لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی گردجووتیار تەرخان كراوە

 ئێواره‌ی رۆژی سێشەممە،٢ی ئایاری ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی پرۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردن و کۆنکریتی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی گردجووتیاری كرد. 
 
لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایگەیاند:'' قۆناغی یەكەمی پرۆژەی قیرتاو و كۆنكرێتی شەقامە ناوخۆیییەكانی گردجووتیار بەرەو تەواوبوون دەچێت، كە بە گوژمەی ٣٦٤ ملیۆن و ٣٥٥ هەزار دینار لەسەر داهاتی ٪١٥ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە شێوەی بەلێندەرایەتی جێبەجێ كراوە.
 
ساسان عه‌ونی، ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، زیاتر لە ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پرۆژەكانی ئەم گەڕەكە تەرخان كردووە و بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دەستەبەر بكرێت.
 
پرۆژه‌كه‌ له‌ چوار قۆناغ پێكدێت کە گوژمه‌کەی‌ نزیکەی ملیارێک و ٢٢٢ ملیۆن و٤٧٥ هەزار دینارە و ئەم قۆناغەش لە ١٦ کۆڵان قیری ستابلایزەر و کۆنکریت پێکدێت كە كۆی گشتی دەكاتە ١٢ هەزار و ٣٠٠ مەتر دووجا قیر و ٣ هەزار و ١٤٠ مەتر دووجا کۆنکریت. 
 
گوندی گردجووتیار كە ئێستا بووەتە گەڕەكێكی شاری هەولێر، گرفتی كەمیی خزمەتگوزارییان هەبوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا كە بایەخی لەپێشینەی خۆی بۆ گەڕەكە هەژارنشینەكان داناوە، هەوڵی داوە هەموو خزمەتگوزارییە شایستەكانیان پێ بگات.