داهاتی شارەوانییەکان بۆ خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان بەکار دەهێنرێنەوە
ڕۆژى سێشەممە، ٩ى ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، کارول ڤان ئیرت، پارێزگاری ڕێدن لە هۆڵەندا و میریام کولارێس، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە ڕێکخراوی VNGی هۆڵەندی و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک و هەولێر و نزیكەی ٥٠ بەڕێوەبەر و سەرۆكی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت و ژمارەیەك ئەندازیاری شارەوانی و شارەزایانی هۆڵەندی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕێكخراوی VNGی هۆڵەندی كۆنفرانسی "پەرەپێدان و مۆدێرنەکردنی ئیدارە خۆجێیەکان (SDLG)"یان لە شاری دهۆك ساز كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی كۆنفرانسەكەدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و سەرەتا سوپاسی ڕێكخراوی VNGى هۆڵەندی و دامودەزگەكانی شارەوانی لە سنووری پارێزگەی دهۆك كرد كە ئامادەكارییان بۆ سازدانی ئەو كۆنفرانسە كردووە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی پەرەپێدانی ئیدارە خۆجێییەكانی هەرێمی كوردستان كە ڕێكخراوی VNGى هۆڵەندی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرجەم فەرمانگەكانی تری حكومەت بەیەكەوە گفتوگۆیان لەسەر چۆنییەتیی پەرەپێدانی ئەو بابەتە كردووە بۆ سوودوەرگرتنی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم لە ئەزموونی شارەوانییەكانی هۆڵەندا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتیشی: ئەو كۆنفرانسەی ئەمڕۆ گفتۆگۆ لەسەر چاكسازی لە ئیدارە خۆجێییەكان و دروستكردنی بڕیار و دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتییان و باشتر تێگەیشتنی بەرپرسانی حكوومەت لەڕووی توانا و لێهاووییان و بەهێزكردنی كۆمەڵگە خۆجێییەكان دەكات، ئەوەش ئامانجی بنچینەییی ئیدارە خۆجێییەكانە لە چوارچێوەی قائیمقامیەت و ناحیە و شارەوانییەكان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و چاكسازی و دابەزاندنی دەسەڵات بۆ فەرمانگەكان، لەمبارەیەوە ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد: دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەم، ئەویش بڕوا و دیدگای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خودی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسرور بارزانی، سەبارەت بە نەهێشتنی ڕۆتین و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ ئاستەكانی خوارەوە لە كارگێڕی و فەرمانگە خۆجێییەكان كە دەسەڵاتی پێویست دراوە بە وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێراكردن و ئاسانكردنی كاروباری هاووڵاتییان و فێربوونی ئاستەكانی خوارەوەی ئیدارە بۆ ئەوەی چۆن بتوانن بەرپرسیاریەتی بەڕێوە ببەن و ئەو بڕیارە گرنگانەی لە خزمەتی هاووڵاتییاندان بە باشی جێبەجێیان بكەن.
سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی داهاتەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش، ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد: ڕێكخستنەوەی داهاتەكانی وەزارەت قۆناغی زۆر باشی بڕیوە، ئەوەش بەردەوام بە ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە كە بەردەوام بۆ ئەو مەبەستە ڕێنماییمان دەكات. سەبارەت بە بەكارهێنانەوەی ڕێژەیەكیش لە داهاتەكانی دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، جەختی كردەوە ڕێژەیەك لەو داهاتانەی كە كۆدەكرێنەوە، دووبارە لەلایەن شارەوانییەكانەوە بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان بەكار دەهێنرێتەوە و هەروەها ئەو داهاتەی شارەوانییەكان كۆی دەكەنەوە، هەمووی لە دەسەڵاتی خۆیاندایە و لەو سنوورە دیاریكراوەی داهاتەكەی لێ كۆ دەكرێتەوە، پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پێ جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە.