نزیکەى ٥ ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی شاری سلێمانی خەرج دەكرێت
بە گوێرەی چەند فەرمانێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و ٦٤٤ ملیۆن دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی درا.
گوژمەكە بریتییە لە چوار ملیار و ٦٤٤ ملیۆن و ٦٣٧ هەزار و لەسەر ڕێژەی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زەویی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بۆ جێبەجێكردنی ١٤ پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی دەبێت.
پرۆژەكان پێك هاتوون لە كردنەوەی شەقام و كۆنكرێتكردن و دروستكردن و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامەكان و دابینكردنی قیری شل و سووتەمەنی بۆ کارگەی قیری تانجەڕۆ، لەگەڵ چەند بوارێكی تری خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی.