Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی دەیەوێت ڕێكخستنەوە لە بوارى داهاتەكان و خزمەتگوزارییەکانیدا بکات

ڕۆژى دووشەممە، ١٥ى ئایارى ٢٠١٥، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ تاووتوێكردن و چارەسەركردنی گرفتەکانی بەردەم سێكتەرەكانی وەزارەت و ڕێكخستنەوەی داهاتەكانیان و مەرج و ڕێكاری تایبەت بە موڵكە بەكرێدراوەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەت لە شاری هەولێر بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداریی هەر یەكە لە بریكاری وەزارەت و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانی، گەشتوگوزار، نەخشەدانان، سەرۆكی شارەوانییەكان لەسەر ئاستی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە چارەسەركردنی گرفتە لەمێژینە و جۆراوجۆرەكانی بەردەم سێكتەرەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانی و نەخشەدانان و گەشتوگوزار و شوێنەوار و موڵكە بەكرێدراوەكانی وەزارەت و ڕێكخستنەوەی داهاتەكانیان لەسەر ئاستی سەرجەم سێكتەرەكان لە هەرێمی كوردستان كە تێیدا چەند ڕەشنووسێكی تایبەت بەو بوارانە خوێندرانەوە و بە وردی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بڕیار و ڕاسپاردە و ڕێنماییەكان پەسەند كران.