Skip to the content

لە هەولێر ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو دەكرێت

بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و دیاریكردنی خاڵە لاوازەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لە سنووری پارێزگەی هەولێر بە تایبەتی شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

كۆبوونەوەكە ڕۆژی یەكشەممە، 5 ی تشرینی دووەمی 2023، لە دیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و بەڕێوەبەرانی شارەوانی لە هەولێر و سەرۆكشارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەڕێوە چوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەكارییەكانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و دیاریكردنی ئەو گرفتانەی دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و بەدواداچوون و چارەسەركردنی گرفتەكان و دابینكردنی بودجەیەكی پێویست و دووبارە خاوێنكردنەوەی ڕێڕەو و ئاوەڕۆكان و دروستكردنی تیمی فریاگوزاری تاووتوێ كران.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دابینكردنی بودجەیەكی پێویست كردەوە، هەروەها سەرجەم فەرمانگەكانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەیی هەر جۆرە هەماهەنگی و ئاسانكاریەكیشی ڕاگەیاند بۆ جێبەجێكردنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر.