Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لە لایەن ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، و بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی پارێزگای هەڵەبجە، و جێگرانی پارێزگار ئامادەبوون، چەند بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستپێکردنی پرۆژەی دانانی ماستەرپلانی شاری  هەڵەبجە و ئاوی خواردنەوە و پرۆژەکانی سێکتەری شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕێژەی سەوزایی تاوتوێ کران.

پارێزگاری هەڵەبجە، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری باشی بۆ شاری هەڵەبجە کردووە، هاوکات داوای کرد پرۆژەی زیاتر  بە مەبەستی بووژانەوەی شارەکە لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرێت.

ساسان عەونی، وێڕای بەدواداچوونی پرۆژەکانی شارەکە، ئاماژەی بە خزمەتکردنی زیاتری هەڵەبجە کرد، وەک خۆشەویستترین شوێنی هەرێمی کوردستان، هاوکات باسی لە دەستپێکردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە کرد کە بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە شارەکە لە هەموو ڕووێکەوە دەبووژێتەوە.