Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی میسر پەرەپێدانی گەشتوگوزار تاوتوێ دەكەن

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی وڵاتی میسر پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان، سەبارەت بە سێكتەری گەشتوگوزار تاوتوێ دەكەن و جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكان دەكەنەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی وڵاتی میسر كرد كە پێكهاتبوون لە هیشام جەمال، ئەندامی ئەنجومەنی میسری بۆ كاروباری دەرەوە و د.یەحیا عەبدولقادر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئای تی و مامۆستایانی زانكۆ د.جەمال یوسف و مەحمود زاید.
لە دیدارەكەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هەماهەنگییەكانی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەكانی میسر سەبارەت بە كەرتی گەشتوگوزار كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكە، تیشكی خستە سەر ڕوانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بایەخدان و بووژاندنەوەی زیاتری سێكتەری گەشتوگوزار.
شاندی میسر خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانیكردنی كوردستان دەربڕی و ئاماژەیان بە پێكەوەژیان و جوانی سرووشت و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان كرد و جەختیان لەسەر كاری پێكەوەیی لە بواری وەبەرهێنان لە سێكتەری گەشتوگوزار كردەوە.
لە بەرانبەردا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئامادەیی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكی دەربڕی.