Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە کرد

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

لەو دیدارەدا كە عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ئامادەی بوون، زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوە كرد كە بەشێك لە كونسوڵگەریی وڵاتان لە هەولێر ئامادەیی ئەوەییان دەربڕیوە لە بابەتی زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێردا هەماهەنگ و هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن بە مەبەستی زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی بە دروستكردنی باخچە و چاندنی دار و گوڵ لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر.

لە بەرانبەردا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، پێشنیار و داواكاریی كونسوڵگەریی وڵاتان بە تایبەتی "کونسوڵگەریى گشتیى کۆمارى چین"ی بە گرنگ و جێی بایەخ لەقەڵەم دا كە ئامادەیی خۆیان پێشان داوە هاوكاریی دامودەزگەكانی حكومەت و شارەوانی بكەن لە پەرەپێدانی ڕووبەری سەوزایی و دروستكردنی باخچە لە شاری هەولێر، هاوكات جەختی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك كردەوە بە مەبەستی كارئاسانی بۆ كونسوڵگەریی وڵاتان بۆ كاری پێكەوەیی لەپێناو زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر.