Skip to the content

شەقامی دووسایدی ڕەشکین لە شاری هەولێر کرایەوە

شەقامی دووسایدی ڕەشكین لە شاری هەولێر بە گوژمەی نزیكەی ٤ ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرایەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت هەردوو شەقامەكانی ١٠٠مەتری و ١٢٠ مەتری بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ئاسانكاریش بۆ هاتووچۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەكات.
 
رۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، شەقامی دووسایدی ڕەشکین لە شاری هەولێر کرایەوە.
 
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە ڕایگەیاند:'' پرۆژەی دووسایدی ڕەشكین پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی زۆر گرنگە و هەردوو شەقامەكانی ١٠٠مەتری و ١٢٠مەتریی هەولێر بەیەكەوە دەبەستتێتەوە لە ڕەشكین كە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا تەواو كرا.''
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند: ''درێژاییی شەقامەکە دوو كیلۆمەترە و پانییەكشی ٣٦ مەترە، لەگەڵ دروستكردنی نزیكەی سێ كیلۆمەتر ئاوەڕۆ، هەروەها هێڵكاری بۆ شەقامەكە كراوە.''
ساسان عەونی گوتیشی:'' لە ئێستاوە ئەو شەقامە دەبێتە هۆی ئاسانكاریی هاتووچۆ لەنێوان هەردوو شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠مەتری بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هاتنی هاووڵاتییان بۆ ناو سەنتەری شاری هەولێر. ''
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ''ئەو شەقامە بۆ شاری هەولێر گرنگییەكی زۆری هەیە و هەموو خزمەتگوزارییەكانی شەقام و هاتووچۆی تێدایە و لەمڕۆوە دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و میوانانی شاری هەولێر كە بەتایبەتی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری هەولێر دێن. ''
گوژمەی پرۆژەکە، نزیکەی ٤ ملیۆن دۆلارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابینکراوە و زیاتر لە دوو هەزار مەتر قیری تێدا بەکارهێنراوە و پێکهاتووە لە شەقامێکی دووساید و جگە لەوەی شەقامەكانی ١٠٠مەتری بە شەقامی  ١٢٠مەتری دەبەستێتەوە، هاوکات شۆفێران دەتوانن وەک ڕێگەی تری نێوان هەولێر-خەبات بەکاری بهێنن.