Skip to the content

لە هەولێر دوو پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە پیرزین جێبەجێ دەكرێت

بەمەبەستی ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادەی باراناو لە سنووری شارەوانیی پیرزین، دوو پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ بە گوژمەی ٢٢٣ ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن و ئێستاش كاركردن تێیاندا بە باشی بەڕێوە دەچێت.

ئەو گوژمەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدان و سەرباری پارێزگای هەولێرە و پرۆژەكان بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و شارەوانیی پیرزین جێبەجێ دەكرێن، بە تەواوبوونیان كاریگەریی زۆر باشیان لەسەر ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو و كەمكردنەوەی ئەگەری كۆبوونەوەی ئاوی زیادەی باراناو لە سنوورەكە دەبێت.

پرۆژەكان بریتین لە دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە کۆتایی شاری مامۆستایان کە ئاوەڕۆی چەندین شاری نیشتەجێبوون وەردەگرێت. هەروەها دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لەنێوان گەڕەکی ئازادی و گوندی پیرزین، بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان، هەوڵدەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا ئەو پرۆژانە تەواو بكرێن.