پاركی شوێنەواری سەنحاریب لە خەنەس كرایەوە
رۆژی پێنجشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و میکێلی کامیروتا، كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری ئاژانسی ئیتاڵی بۆ هاریکاری و گەشەپێدان، بەشی یەكەمی پاركی شوێنەواری سەنحاریب لە خەنەس لە قەزای شێخان كرایەوە.
لە ڕێوڕەسمەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: '' كوردستان وڵاتی نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان و پێكەوەژیانە و شانازی بەو پێكەوەژیانەوە دەكەین.'' و جەختیشی كردەوە كە شوێنەوارەكانی كوردستان تەعبیر لە ڕابردووی هەموومان دەكەن.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی ئاژانسی هەماهەنگی و پەرەپێدانی ئیتاڵیا و زانكۆی ئۆدینە و حكومەتی ئیتاڵیای كرد كە ڕۆڵیان لە پێشخستنی كەرتی شوێنەواری كوردستاندا هەبووە بە تایبەتی لە شوێنەواری خەنەس و راشیگەیاند : '' تیمی زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك ڕۆڵێكی گرنگیان لە تەواوكردنی كارەكانی ئەو پرۆژەیەدا هەبووە.''
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیشی لەسەر پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سێكتەری شوێنەوار و پاڵپشتیكردنی ئەو زانكۆیانە كردەوە کە لە بواری شوێنەواردا لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.
سەبارەت بە بایەخ و گرنگی هەردوو سێكتەری شوێنەوار و گەشتوگوزاریش، ساسان عەونی رایگەیاند :'' یەكێك لە ئامانجەكانی حكومەت گرێدانەوەی هەردوو لایەنی شوێنەوار و گەشتوگوزارە بەیەكەوە و ئێستاش لە سەرەتای جێبەجێكردنی سیاسەتی بایەخدانی زیاترین بەو دوو سێكتەرە بۆ ئەوەی كاتێك خەڵكی دێنە شوێنە شوێنەوارییەكان لە هەمانكاتدا پەرە بە گەشتوگوزاریش بدرێت.''
سەبارەت بەو بەشەی پاركی شوێنەواری سەنحاریب لە خەنەس وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی كرد، بەشی یەكەمی پاركی شوێنەواری سەنحاریب لە خەنەسە، ئەو شوێنەوارە تەمەنی زیاتر لە هەزار ساڵە و دوای ئەوەی كارەكانی شوێنەوارناسی لەو بەشەی پاركەكەدا تەواو بوون، لە ساڵانی داهاتووشدا بەشەكانی دیكەی ئەو پاركە شوێنەوارییە كاریان تێدا دەكرێت و تەواو دەكرێن.