Skip to the content

پلان و نەخشەڕێگەی نوێ بۆ گەشتوگوزار دەگیرێتەبەر

رۆژی دووشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەت، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئامادەبوونی ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان و ژمارەیەكی تر لە  بەڕێوەبەرانی پلان و ئامار کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پلان و نەخشەڕێگەی نوێی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار بەڕێوەچوو.
 
لە سەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە گرنگیی سێكتەری گەشتوگوزار كرد و ئاماژەی دا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەت بە پلانی نوێ، كار لەو سێكتەرەدا دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە دەستەی گەشتوگوزار و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان كرد ئامادەکاری تەواو بكەن بەمەبەستی ئامادەكردن و جێبەجێكردنی پلان و نەخشەڕێگەی نوێی گەشتوگوزار لەپێناو بووژانەوەی ئەو سێكتەرە گرنگەی كوردستان.
 
پەرەپێدان و هەمەجۆركردنی چالاكیی گەشتیاری و پاڵپشتییكردنی كەرتی تایبەت و پێداچوونەوە بە بڕیارە كارپێكراوەكان و ڕێكخستنەوەی یاسا و ڕێنماییەكان و دەركردنی ڕێنمایی نوێ و چاوخشاندنەوە بە ڕێنماییە دەرچووەكان و پەرەپێدانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن و بە بازاڕكردنی گەشتیاری و ڕێكخستن و توانا مرۆییەكان و پەرەوەردەی گەشتیاری و زیادكردنی هەلیكار و باشتركردنی سیستەمی ئاماری گەشتیاران و گرێدانەوەی پێگە شوێنەوارییەكان بە گەشتوگوزار و ئاسانكاری هاتوچۆ بۆ ئەو پێگە گەشتیاریانە چەند تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بوون. 
 
 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر گرنگی ئەو پلانە نوێیە كردەوە و ئامادەیی تەواویشی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەك لەپێناو ئامادەكردن و گرتنەبەری پلانێكی نوێی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان.