لە ڕێگەى سازکردنی باخچەکانەوە ڕێژەى سەوزایی لە دهۆک زیاد دەکرێت
![](/media/22289/378790644_688100636677632_5989536958805885855_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133395840410000000)
بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانكردنی سیمای شارەكە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك، سێ پرۆژەی دروستكردنی باخچە لەسەر ڕووبەری نزیكەی 19هەزار مەتر چوارگۆشە لە سەنتەری شاری دهۆك جێبەجێ دەكات و ئێستاش كاركردن لەو پرۆژانە بەردەوامە.
پرۆژەی دروستكردنی باخچەیەك لە نزیك فولكەی كوردستان لەسەر ڕووبەری (7200)م چوارگۆشە، ڕێژەی تەواوكردنی كارەكانی گەیشتووەتە 55% و كاركردنیش تێیدا بەردەوامە. هاوكات باخچەیەكی دیكە لە گەڕەكی گرێسور لەسەر ڕووبەری (7500)م چوارگۆشە، بە ڕێژەی 30%ی كارەكانی تەواو كراون. هەروەها باخچەیەكی دیكە لە گەڕەكی گرێباسێ لەسەر ڕووبەری (4000)م چوارگۆشە، بە ڕێژەی 37%ی كارەكانی تەواو كراوە.
لە ئێستادا كاركردن لەو سێ پرۆژەیەدا بە باشی بەڕێوە دەچێت و بە تەواوبوونیان وێڕای ئەوەی سیمایەكی جوان بەو شوێنانە دەبەخشن، هاوكات دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری دهۆك.