Skip to the content

لە شێخان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پرۆژەی شوێنەواری گری گومل دەكات

پرۆژەی هەڵكۆڵینی شوێنەواری گری گومل "تل جومل" بە هاوبەشی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەردانی پێگەی پرۆژەكە دەكات و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ تیمی جێبەجێكاری پرۆژەكە دووپات دەكاتەوە.

رۆژی سێشەممە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پرۆژەی هەڵكۆڵینی پێگەی شوێنەواری گری گومل (تل جومل)ی لە سنووری ناحیەی كەلەكچی لە قەزای شێخان كرد.

ئەو پرۆژەیە لەلایەن تیمی زانکوی ئۆدینەی ئیتاڵی بە سەرپەرشتیی دانیێل موراندی بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێكی بەرێوبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهوک جێبەجێ دەكرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی كارەكانی ئەو پێگە شوێنەوارییە سەردانی پرۆژەكەی كرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاری تیمی زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی كارەكانی تیمەكان كرد و لە نزیكەوە بەشەكانی پرۆژەكەی بەسەركردەوە كە ئێستا كاركردن تێیدا بە باشی بەڕێوە دەچێت.

ساسان عەونی باسی لە گرنگی سێكتەری شوێنەوار بەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد و لەو سۆنگەیەوە جەختی لەسەر هەر جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكی وەزارەت و تیمەكانی شوێنەوار بۆ بەردەوامی كارەكان و تەواوكردنی پرۆژەكە كردەوە، ئاماژەی بەوەش كرد ئەوەی پێویست بێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە درێغی ناكەن.
هەروەها بەدواداچوونی بۆ گرفتەكانی بەردەم پرۆژەكە كرد و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە كرد بە هەموو شێوەیەك هاوكاری تیمەكانی جێبەجێكاری پرۆژەكە بكەن، هاوكات دەستخۆشی لە تیمەكانی جێبەجێكار كرد كە دڵسۆزانە كار لە پرۆژەكەدا دەكەن.
ئەو پێگە شوێنەوارییە، بایەخێكی گەورەی شوێنەواری لە سنوورەكەدا هەیە و مێژووەكەی بۆ نزیكەی حەوت هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و ناوی گری گومل لە تێكستە بسمارییەكان هاتووە، گردەکە نزیکەی ٣٥ هێکتارە و بەرزییەکەی ٤٠مەترە و چەندین گۆڕ و پارچەی گرنگی شوێنەواری و بیناسازی لێی دۆزراوەتەوە.