Skip to the content

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ دەست پێ دەکاتەوە

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی ئاکرێ دەست پێ دەکاتەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ "پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاوی ئاکرێ و چەند شوێنێکی سنوورەکە دابین دەکات."

ڕۆژی دووشەممە، ٤ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەریی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوە و پەلەکردن لە تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و پرۆژەکەی بەسەر کردەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەشەکانی پرۆژەکەی بەسەر کردەوە و بەدواداچوونی بۆ کارەکان و گرفتەکانی پرۆژەکە کرد، ئاماژەی بەوە کرد پرۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژی و گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام خۆی بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دەکات.

پرۆژەی ئاوی ئاکرێ لە یەک کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی ٣٠٠٠ م٣ ئاوی هەیە و گوژمەی گشتیی پرۆژەکەش، نزیکەی زیاتر لە 100 ملیار دینارە و گرفتی کەمئاوی لە ئاکرێ چارەسەر دەکات.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد خۆشبەختانە ئێستا لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پەلە لە تەواوکردنی دەکرێت و گرفتەکانی به‌رده‌م پرۆژەکە چارەسەر دەکرێن و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا تەواو دەکرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری ئاکرێ و چەند شوێنێکی تری سنووری ئاکرێ دابین دەکات.

دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار کۆ بووەوە و باسی لە گرنگیی پرۆژەکە بۆ ئاکرێ و دەوروبەری کرد، له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا ئاماژەی بە پەرۆشی و جدیەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی کردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد سه‌رۆكی حكومه‌ت دەیەوێت بەپەلە ئەو کارانەی ماون تەواو بکرێن و بخرێتە خزمەت دانیشتووانی ئاکرێ و دەوروبەری، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی ئاکرێش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردەوە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، کاری ورد بۆ نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی شاری ئاکرێ دەکرێت.