Skip to the content

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پێشوازیی له‌ كونسوڵی نوێی ئه‌مه‌ریكا کرد

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ١٩ـی ئه‌یلوولی ٢٠٢٣، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، پێشوازیی لە مارک سترۆ، کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكی یاوه‌ری کرد.

یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌زاره‌ت و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مارك سترۆ، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌‌ وه‌ك كۆنسوڵکاری نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌ركار بووه‌، به‌ مه‌به‌ستی ئاشنابوونی كونسوڵی نوێی ئه‌مه‌ریكا به ئیشوكار و سێكته‌ره‌كان و ستراتیژی وه‌زاره‌ت، ساسان عه‌ونی، تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر ڕوانگه‌ی حكومه‌ت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سێكته‌ره‌‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری شی كردنه‌وه‌‌.
 
له‌ به‌شێكی تری گفتوگۆكانی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی گرنگیی سێكته‌ری ئاوی خواردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و پرۆژه هه‌مه‌جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌ت كرا. وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار هیوای خواست وێڕای به‌رده‌وامیدان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، وه‌زاره‌ت و كونسوڵگه‌ریی ئه‌مه‌ریكا هه‌ماهه‌نگی و كاری زیاتر به‌یه‌كه‌وه‌ بكه‌ن و له‌م ڕووه‌وه‌ ئاماده‌ییی هه‌ر جۆره‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ربڕی له‌ پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان كرده‌وه‌‌ به‌ تایبه‌تی له‌ بواری به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار و گرنگیدانی زیاتر به‌ پرۆژه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ و كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.