وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێوشوێنەکانی بەرگریکردن لە لافاو لە پلانەکانیدا جێبەجێ دەکات
ڕۆژی سێشەممە، ٥ ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی و بەرپرس و ئەندازیارانی پەیوەندیدار، كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە مەترسییەكانی لافاو و بەرپێگرتنی بەڕێوە چوو.
لە كۆبوونەوەكەدا دوو شیکاری سەبارەت بە شێوازی خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە مەترسییەكانی لافاو لە كاتی پلاندانان و نەخشەدانان و ئامادەكردنی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكاندا پێشكەش كران كە ئامانج لەو پرۆژەیە بۆ ئەوەیە ئەو بابەتانە بكرێنە بنەمایەك و سوودیان لێ وەربگیرێت لەو پرۆژانەی ئێستا كاریان لەسەر دەكرێت یان لە داهاتوودا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەتی لە كاتی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا كە ئێستا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كار لەسەر هەمواركردنەوەی دەكەن.
هەروەها پرێزنتەیشنەكانی بابەتەکە دەكرێنە بنەما بۆ ئەو ماستەرپلانانەی دووبارە دەست بە كارەكانیان دەكرێتەوە كە ساڵانێكە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە لە شار و شارۆچكەكان وەستاون؛ لەو سۆنگەیەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەیەوێت بابەتی خۆپارێزی لە مەترسییەكانی لافاو لەو ماستەرپلانانەی هەموار دەكرێنەوە یان ئامادە دەكرێن، بەهەند وەربگیرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو و كۆبوونەوەی زیادەئاو لە سنووری شارەوانییەكان.