پرۆژەكانی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك و ئاوەڕۆی هەولێر تاوتوێ كران
رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكا و سۆمیتۆمۆی ژاپۆنی كرد.
شاندەکە پێكهاتبوون لە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق و شاندی یاوەری، هەروەها کۆجی شیرۆتانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمیتۆمۆ لە هەولێر و تیمی یاوەری.
لە دیدارەكەدا كە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی بوو، هەردوو پرۆژەكانی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك و ئاوەڕۆی هەولێر گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، دواتر لە پرێزنتەیشنێكدا لایەنە هونەری و دارایی و یاساییەكانی پرۆژەی چارەسەركردنی خاشاكی هەولێر ڕوونكرایەوە.
هاوكات لە تەوەرێكی دیكەدا تاوتوێی پرۆژەی ئاوەڕۆی هەولێر كرا كە لە ئێستادا لە قۆناغی تەندەریندایە و بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر دەبێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا جەختی لەسەر گرنگی ئەو پرۆژانە بۆ شاری هەولێر كردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكی نیشاندا.