Skip to the content

پرۆژەی شەقامێكی 20 مەتری لە دارەتوو تەواو كرا

لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانیی شارۆچكەكە، پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامێكی 20 مەتری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دارەتووی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر تەواو كرا.

شەقامەكە 20 مەترییە و گوژمەكەی 220 ملیۆن دینارە و لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین كراوە و لەلایەن شارەوانیی دارەتوو جێبەجێ كرا؛ كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمكردنەوەی جەنجاڵیی سنوورەكە هەیە، بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری فەرمانگە حكومییەکانی ناوچەکە لەو شوێنەن و ڕۆژانە هاتوچۆیەكی زۆر لەسەر شەقامەكە هەیە.

ئەو پرۆژەیە بە گوێرەی گرێبەستی كاركردنەكەی، دەبوو لە ماوەی 210 ڕۆژدا تەواو بكرێت، بەڵام لە ماوەی 90 ڕۆژدا تەواو كراوە. هاوكات چەندین پرۆژەی دیكەش لە سنووری شارەوانییەكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.