Skip to the content

پرۆژەیەكی كۆنكرێتكردن لە کەلەکچی جێبەجێ كرا

بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی دانیشتووانی ناحیەكە و لەسەر پێشینەی مانگانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلەكچی، پرۆژەیەكی كۆنكرێتكردنی كۆڵانەكانی كەلەكچی جێبەجێ كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانییەكە دەكات.

بە گوێرەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلەكچی پرۆژەیەكی كۆنكرێتكردن لەسەر پێشینەی مانگانەی سەرۆكایەتیی شارەوانی لە كەلەكچی جێبەجێ كرا كە بریتییە لە كۆنكرێتكردنی چەند كۆڵانێك و ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی سنووری ئەو شارەوانییەكە لێی سوودمەند دەبن.

ئەمەش لە كاتێكدایە ڕۆژی سێشەممە 26ی ئەیلوولی 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی كەلەكچی كرد و لەگەڵ قائیمقامی قەزای شێخان و بەڕێوەبەری ناحیە  و سەرۆكی شارەوانیی كەلەكچی كۆبووەوە.

ساسان عەونی لەو كۆبوونەوەیەدا بەدواداچوونی بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ناحیەی كەلەكچی كرد و جەختی لەسەر زیاتر خزمەتكردنی دانیشتووانی ناحیەكە كردەوە لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی قیرتاوكردنی شەقام و پرۆژەی دیكەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلەكچی. هاوكات ئامادەییی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ هەر جۆرە پاڵپشتی و كارئاسانییەك لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی سنووری شارەوانیی كەلەكچی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەربری.