Skip to the content

ژمارەیەك پڕۆژەی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆك جێبەجێ دەكرێن

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك چەندین پرۆژەی هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆك بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی زانكۆ بیانییەكان بەڕێوە دەچێت و ئێستاش كاركردن لە پڕۆژەكان بەردەوامە. 
پڕۆژەی هەڵكۆڵینی شوێنەواری گرێ گومل لە كەلەكچی لە قەزای شێخان و نۆژەنكردنەوەی نەخشێن نكراندی خەنەس و ڕووپێوی شوێنەواری لە گوندی خەنەس و دەڤەری ئەترووش و هەڵكۆڵینی شوێنەواری باژێرە لە گردەسێن و دۆكیۆمێنتكردن و هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە چیای زاوا و ئامادەكردنی پلان و پڕۆژەی شوێنەواری لە پاركی فایدە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی و پڕۆژەی هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە گرێ زید لە سێمێل لەگەڵ زانكۆی كافوسكاری ئیتاڵی بەڕێوە دەچێت.

پڕۆژەی هەڵكۆڵینی شوێنەواری گرێ باستكێ لە سێمێل بەهەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی توبنگنی ئەڵمانی و دۆكیۆمێنتكردنی پارچە شوێنەوارییەكان لەگەڵ زانكۆی فرایبورگی ئەڵمانی و ڕووپێوی شوێنەواری لە دەڤەری نەهری لە ئاكرێ لەگەڵ زانكۆی ئادەم میكیڤیتچی پۆڵەندی و نۆژەنكردنەوەی شوێنی چارستین لەگەڵ ڕێكخراوی یونسكۆ و ILO و وادی ئەڵمانی و یەكێتیی ئەورووپا و نۆژەنكردنەوەی دەرگەی بادینان لەگەڵ زانكۆی كۆڵۆمبیای ئەمەریكی و ڕێكخراوی شوێنەواری كوردستان و هەروەها نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری شوش لە ئاكرێ لەگەڵ ڕێكخراوی (ARCH) ی ئەمەریکی و ( GAME AR)ی چیکی جێبەجێ دەكرێن.

ڕۆژی یەكشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، و تیمی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا چوار گرێبەستی تایبەت بە پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار لە سنووری پارێزگای دهۆك واژوو كران بەمەبەستی كاری هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك.
ئەو چوار گرێبەستە بۆ ماوەی چوار ساڵە و بە هەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلپووری دهۆك و ئاكرێ و تیمی زانكۆكان سەرپەرشتیی دەكرێن، وەك كاری هەڵكۆڵینی شوێنەواری گرێ گومل و نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری خەنەس، هەروەها هەڵكۆڵینی گرێ باستكێ لە قەزای سێمێل و ڕووپێوكردنی شوێنەواری لە دەڤەری نەهلێ لە قەزای ئاكرێ و هەڵكۆڵینی شوێنەواری لە شوێنەكانی باژێرە ژێری لە قەزای ئاكرێ و چەند شوێنێكی تری شوێنەواری لە سنووری پارێزگای دهۆك. مۆڵەتەكانی كاركردن بۆ ماوەی چوار ساڵ كاریان پێدەكرێت بۆ ڕووپێوی و هەڵكۆڵینی شوێنەواری و نۆژەنكردنەوە لە پێگە شوێنەوارییەكانی دهۆك دەكەن.