بڕوانامەی ئایزۆ بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نوێ كرایەوە
ڕۆژی یەكشەممە 28ــى نیسانی 2024، لە ڕێوڕەسمێكدا بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت.
ڕێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیی كارەكانی سیستەمی ئایزۆ لە وەزارەت و كۆمپانیای ڕاسپێردراوی تایبەت بە كارەكانی بڕوانامەی ئایزۆ بەڕێوە چوو.
لە گوتەیەكدا ساسان عەونی وەزیری، شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵیی خۆی بۆ نوێبوونەوەی بڕوانامەی ئایزۆ بە دیوانی وەزارەت دەربڕی و سوپاسی هەموو فەرمانبەرانی كرد كە توانیویانە كارەكانیان بەپێی پێویست بەڕێوە ببەن، كە دەبێتە هۆی باشتر ڕاییكردنی مامەڵەكان و خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە كۆمەڵێك خولی تایبەتی بەڕێوەبردنی جۆری (QMS) كە ناسراوە بە (ISO:9001 2015) تێپەڕيوه، تا گەیشتە ئەو قۆناغەی بڕوانامەی نێودەوڵەتی وەربگرێت، كە ئیستا دیوانی وەزارەت، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بڕوانامەیان وەرگرتووە و لە داهاتووشدا هەموو سێكتەر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تریش دەگرێتەوە.
بۆ ئەمساڵیش نوێكردنەوەی بڕوانامەكە بە پرۆسەی وردبینیی ناوخۆیی و پاشان وردبینیی دەرەكی تێپەڕی، كە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و بەش و هۆبەكانی دیوانی وەزارەتی گرتەوە، هەروەها لەمساڵدا 26 فەرمانبەری وەزارەت، دوای ئەوەی خولی تایبەتیان وەرگرت، توانییان بەشداریی ڕاستەوخۆی پێدانی بڕوانامەكە بكەن.