بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وۆركشۆپی ئەركە شوێنەوارییەكانی تیمە ئیتاڵياییەكان بەڕێوە چوو
ڕۆژى دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق كە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشداربوو، لە شاری هەولێر وۆركشۆپێكی تایبەت بە خستنەڕووی ئەركە شوێنەوارییەكانی تیمە ئیتاڵیايیەكان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە وۆركشۆپەكەدا كە هەر یەكە لە كونسولی ئیتاڵیا لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەران و شوێنەوارناسانی پارێزگەكانی كوردستان و تیمە ئیتاڵياییەكان بەشدار بوون، تێیدا كارە شوێنەوارییەكانی تیمی ئیتاڵياییەكان بە هاوكاری و هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگە شوێنەوارییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خرانە ڕوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵيی خۆی بە بەشداریكردنی لە كردنەوەی پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی و ئەو وۆركشۆپەی تایبەت بە كارە شوێنەوارییەكانی تیمە ئیتاڵياییەكان لە هەرێمی كوردستان دهربڕى، گوتی: هیوادارم ئەو وۆركشۆپە ئەنجامی باشی لێ بكەوێتەوە، گوتیشی: شوێنەوار كولتوورێكی هاوبەشی سەرجەم مرۆڤایەتییە و هەموومان لەو زنجیرەیەدا ئەڵقەیەكین و پێكەوە دەبەسترێینەوە و یەكتری تەواو دەكەین.
ئاماژەی بەوەش كرد نزیكەی پێنج هەزار پێگەی شوێنەواری لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە بەشێكیان كاری كنە و پشكنینیان بۆ كراوە، بەڵام بەشێكیان تاكوو ئێستا دوورن لە دۆزینەوە و كاركردن تێیاندا، بۆیە ئێمە وای دەبینین بە هاوكاری شوێنەوارناسان و دەزگە ئەكادیمی و پەیوەندارەكانی وڵاتان، دەتوانین باشتر ئەو شوێنەوارانە بدۆزینەوە و لێكۆڵینەوەی زانستیيان لەسەر بكرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری قسەكانیدا بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی حكومەت و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و كونسوڵگەری و تیمی زانكۆكانی ئەو وڵاتەی كرد لە پاڵپشتیكردنی تیمە شوێنەوارناسەكانیان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن. ئاماژەی بەوەش كرد "تیمە ئیتاڵياییەكان ئێستا لە ١١ پێگەی شوێنەواری لە كوردستان كار دەكەن، كارەكانیان بە باشی بەڕێوە دەبهن و بۆ ئەو مەبەستەش شوێنەوارناسان و فەرمانگە شوێنەوارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارێكی باشی ئەو تیمانەن كە بە هاوبەشی توانیویانە ئاستی شوێنەواری بەرەو پێش ببەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو پاڵپشتی و ئاسانكارییەك بۆ ئەو تیمە ئیتاڵياییانە دووپات دەكەینەوە و دەخوازین ئەو هەماهەنگییەی نێوانمان بەردەوام و فراوانتر ببێت.