وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ ئیشوكاری زیاتر لە 37 سەرۆكایەتیی شارەوانی دەكات
ڕۆژى سێشەممە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوونی ئیشوكارەكانیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتيی شارەوانییەكانی هەولێر كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆك شارەوانییەكان و سەرۆك بەشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكە ئامادەی بوون، بەدواداچوون بۆ ئیشوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكە و ٣٧ سەرۆكایەتیی شارەوانی كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی ڕۆڵی شارەوانییەكانی سنووری پارێزگەی هەولێر لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، جەختی كردەوە دەبێت خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكەن. هاوكات لەپێناو ئاسانكاری و باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزارییەكان، ئەگەر لە شوێنێك هەست كرا كە ڕۆتێن هەیە، ساسان عهونى داوای كرد بەزوویی چارەسەر بكرێت و ڕۆتێن نەهێڵن.
سەبارەت بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پرۆسەكانی خاوێنكردنەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكان و پلانی جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری كرد، لەمبارەیەوە جەختی كردەوە كە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكاندا دەبێت ڕەچاوی سوودمەندبوونی زۆرترین ژمارەی هاووڵاتییان بكرێت. لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خاوێنكردنەوە دووپاتی كردەوە بایەخی زیاتر بە پرۆسەكانی خاوێنكردنەوەی گەڕەك و شوێنە گشتییەكان بدەن لەگەڵ ڕێكخستنەوەی سنووری شارەوانییەكان.
شايانى باسه زیاتر لە ٣٧ سەرۆكایەتیی شارەوانی و فەرمانگەی خزمەتگوزاری لە قەزا و ناحیەكانی پارێزگەی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن، بە مەبستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی ئەو سنوورە فراوانەی شارەوانییەكان، كاراسانی و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی دووپات كرایەوە.