بڕیارە گرنگەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە
بڕیارێكی دیكەی گرنگی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە لێخۆشبوونەكان لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان لەگەڵ كرێی ئاو و خاشاك و ڕسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (4651 لە 7/4/2024)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ دووشەممە 8/4/2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا كە واژۆی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و تێیدا داوا دەكات لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.
لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكوو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكوو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان لەمڕۆوە (8/4/2024) لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار