Skip to the content

بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشانگەیەكی فۆتۆگرافیكی شوێنەواری كرایەوە

ڕۆژى دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەرانی شوێنەوار و تیمەكانی ئیتاڵیا، پێشانگەیەكی فۆتۆگرافیكی شوێنەواری لە شاری هەولێر كرایەوە.

پێشانگەكە لەلایەن كونسوڵگەریی ئیتاڵیا بە هه‌ماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێك خرابوو، تێیدا لە ڕێگەی نمایشكردنی وێنەدا، بەشێك لە كار و چالاكی و پرۆژەی شوێنەواریی تیمەكانی زانكۆ و شوێنەوارناسانی ئیتاڵیا، كە لە هەرێمی كوردستان لە بواری هەڵكۆڵین و جێبەجێكردنی پرۆژەی شوێنەواریدا كردوویانە، خرایە ڕوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەڕێوەچوونی پێشانگەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و جەختی لەسەر گرنگیی پێشانگەكە و هاوكاری و كاركردنی تیمە ئیتاڵياييەكان كردەوە و خۆشحاڵيی خۆیشی بە كردنەوەی پێشانگەكەدا دەربڕی.

كاری تیمە ئیتاڵياييەكان، كە بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شوێنەوارناسانی كوردستان لە ژمارەیەك پێگەی شوێنەواری لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كار دەكەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان لەڕووی شوێنەوارییەوە و سوپاسی تیمە ئیتاڵياييەكانيشى كرد، كە لە بواری هەڵكۆڵینی شوێنەواریدا كار دەكەن، هیواشی خواست كاركردن و هه‌ماهه‌نگييان لەگەڵ فەرمانگەكانی شوێنەوار و شوێنەوارناسانی خۆماڵی لە كوردستان بەردەوام بێت. هاوكات سوپاسی فەرمانگەكانی شوێنەواری و شوێنەوارناسانی هەرێمی كوردستانیشی كرد، كە لەگەڵ تیمە جیهانی و ئیتاڵیايیەكاندا بەردەوام لە بواری هەڵكۆڵینی شوێنەواری و پرۆژەی شوێنەواریدا هاوكارن و بە شارەزاییەكی خۆماڵیییەوە كاراسانی بۆ تیمە بیانییەكان دەكەن و كاری هاوبەش دەكەن. هەروەها پشتگیری و پشتیوانيی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ سەرجەم تیمە شوێنەوارییەكان دووپات كردەوە.

لە پێشانگەكەدا لە ڕێگەی نمایشكردنی وێنە و خستنەڕووی زانیارییەوە، كاركردنی تیمە ئیتاڵياييەكان بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەكانی فەرمانگە شوێنەوارییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خرایە ڕوو، لەوانە (پرۆژەی شوێنەواری گردی مەترەب، شوێنەواری پیسان لە ڕانیە، باژێرا، پرۆژەی ڕیلاند، دووبارە دروستكردنەوەی دیمەنەكانی بەنداوی موسڵ و هەڵكۆڵینی شوێنەوارناسيی ئاسنگەران و شوێنەوارناسی لە چیای زاوا و نەینەوا، دەشتی هەولێر و چەند پێگەیەكی تری شوێنەواری لە هەرێمی كوردستان.