وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ كۆمەڵەكانی فڕۆكەوانی و میوانخانە و كۆمپانیا گەشتیارییەكان كۆدەبێتەوە
ڕۆژى پێنجشەممە ٤ــى نيسانى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، لەگەڵ كۆمەڵەكانی میوانخانە و چێشتخانە و فڕۆكەوانی و ژمارەیەك كۆمپانیای گەشتیاریی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئامادەی بوو، بەشداریكردنی كۆمپانیا گەشتیارییەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار لە پێشانگە نێودەوڵەتییەكان و ڕۆڵ و ئەركی كۆمانیا گەشتیارییەكان لە ناساندن و بەبازاڕكردنی كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەستپێكی قسەكانیدا دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە گرنگیی سێكتەری گەشتوگوزار خستەڕوو و ئاماژەی بەوە كرد كە حكومەت بایەخێكی زۆر بە گەشتوگوزار دەدات، و دەخوازێت بەپێی پلان و نەخشەڕێگەی گەشتیاری، ئەو كەرتە ڕۆڵی باشتر و كاراتر لە بووژانەوەی ئابووری و ناساندنی ڕەگەزە بەهێزەكانی هەرێمی كوردستان بە كومەڵگەی نێودەوڵەتی بگێڕێت. لە بەشێكی ديكهى قسەكانیدا داوای لە كۆمەڵە و كۆمپانیا و میوانخانە و چێشتخانەكان كرد گرنگی بە دەستی كاری خۆماڵی بدەن، بۆ ئەوەی زۆرترین گەنج و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەرفەتی كاركردنیان لە كوردستان بۆ بڕەخسێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد بەرپرسیارێتییەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری گەشتوگوزاردا هەیە و دەبێت وەكوو یەك تیم كار بۆ بەرەوپێشبردنی سێكتەری گەشتوگوزار بكەن و هەوڵی جدی بدەن بۆ ئەوەی سەرنجی زۆرترین ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان ڕابكێشن و لە ناوخۆی كوردستان و لە چالاكی و پێشانگە نێودەوڵەتییەكاندا ڕەگەزە گرنگەكانی گەشتوگوزار و شوێنەوار و سرووشت و بە تایبەتی سەقامگیریی كوردستان بۆ بیانییەكان شی بكەنەوە بناسێنن بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر جووڵە و پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە گوتی: هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێوە هەیە كە وەك كەرتی تایبەت لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار هاوكار و هاوئاهەنگ بن و پێكەوە كار بكەن. هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە داشكاندنی ڕێژەی 20%ی ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار كرد، وەك پاڵپشتییەك و كاراسانییەك لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دا، ئەمەش پاڵپشتی و سوودێكى زۆری بۆ كەرتی گەشتوگوزار دەبێت.
هەروەها سەرۆكی كۆمپانیا گەشتیارییەكان و كۆمەڵەكانی فڕۆكەوانی و میوانخانە و چێشتخانەكان، سەرنج و كێشە و داواكارییەكانی خۆیان خستەڕوو و داوایان كرد بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانیان، كاراسانی و پشتگیریی زیاتریان بكرێت و چەندین بیرۆكەشیان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری و هاوئاهەنگی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە بواری گەشتیاری خستەڕوو. لە بەرانبەردا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، وێڕای دەستخۆشی و بەرزنرخاندنی كارەكانیان، ئامادەیيی خۆیان بۆ هاوكاری و كاراسانی و چارەسەركردنی كێشەكانیان دەربڕی.
جەخت لەسەر ماركێتینگی باشتر و بەرزكردنەوەی ژمارەی گەشتیاران و هێنانی گرووپی گەشتیاری و گرنگيی زیاتر بە خزمەتگوزاریی گەشتیاری و چاککردنی ڕێگەوبانەکان و پاراستنی نهێنیی گەشتیاران، بە تایبەت لە دۆکیۆمێنت و ئەو پاسپۆرتانەی گەشتیاران بە ئەمانەت بە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی دەدەن، هەروەها کەرتی فڕۆکەوانی، دەرفەتی کار بۆ دەرچووان و گەنجان بڕەخسێنن و دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزاریش ڕۆتین كەم بكەنەوە و بەپێی ڕێكار و ڕێنماییەكان كاراسانی بۆ كۆمپانیا و كەرتی تایبەتی گەشتیاری بكرێت.