Skip to the content

پرۆژەکانی ماستەرپلان و ئاوەڕۆی هەولێر و مۆزەخانەی سلێمانی تاوتوێ کران

ڕۆژى یەكشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد، كە پێكهاتبوون لە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری پێشووی ئۆفیسی جایکا و هیرۆشی سوزوکی، بەڕێوەبەری نوێی ئۆفیسی جایکا لە عیراق و ئامۆژگار حەوێزی و جەلال عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرانی پێشکەوتووی پرۆگرامەکان و کۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژکاری پرۆژەکان لە جایكا. 

لە دیدارەكەدا هاوئاهەنگی و هاوكارییەكانی بەڕێوەبەری پێشووی جایكا كە كارەكانی لە عێراق تەواو بووە، بەرز نرخێندران لەوەی ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی جایكا لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە. ئێستا هیرۆشی سوزوكی، وەكوو بەڕێوەبەری جایكا لە عێراق دەستبەكار بووە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هیوای خواست بە هەمان شێوەی پێشوو، كاركردنی پێكەوەیی و هاوئاهەنگییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەری نوێی جایكا وێڕای بەردەوامی، پەرەی زیاتریان پێ بدرێت و پاڵپشتیی خۆی بۆ دەربڕی.

ژمارەیەك تەوەری دیكەی گرنگیی پەیوەست بە پرۆژەی خزمەتگوزاری تاوتوێ كران، لەوانە پرۆژەی مۆزەخانەی سلێمانی، ماستەرپلانی شاری هەولێر، كە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و كارەكانی بەباشی بەڕێوە دەچن و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ تەواو ببێت.

پرۆژەی ئاوەڕۆی هەولێر، یەكێكی دیكە لە تەوەرە گرنگەكان بوو، كە ئێستا لە سەروبەندی تەندەرینگ دایە، لەگەڵ هاتنی تیمێكی تەكنیكيی جایكا سەبارەت بە پرۆژەی ئاوەڕۆی هەولێر. 
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لە پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ تیمەكانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كردەوە، كە لە هەرێمی كوردستان پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكەن.