ساسان عهونى لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار له دهۆک کۆبووهوه
ڕۆژی پێنجشەممە ٨ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەدواداچوونی ئیشوکارەکانیان سەردانی شاری دهۆکی کرد و لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادبوونی سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک و بەڕێوەبەرانی ئاوی دهۆک و ئاوی دەوروبەر و نەخشەدانانی ئاوەدانی و شوێنەوار و ئاوەڕۆی دهۆک و سەرجەم سەرۆک بەش و بەرپرسی هۆبە لە فەرمانگەکان بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئامانجی سەردانەکەی بۆ شاری دهۆک ڕوون کردەوە کە مەبەستیان لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە ئاستی خزمەتگوزاری و چۆنیەتيی بەڕێوەچوونی کاروباری سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت دامودەزگە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان و شارەکان بکەن، لە ڕوانگەی ئەو سیاسەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێویستە وەکوو چۆن پێشتر کاری باشتان کردووە، بەڵام بۆ لەمەودوا دەبێت بە هەناسەیەکی نوێ و گڕوتینێکی زیاترەوە وەکوو فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دهۆک، خزمەتی زیاتری خەڵک بکەن و هەموو توانا مرۆیی و کارگێڕییەکانتان، لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری شارەکە و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری دهۆک و دەوروبەری بخەنە گەڕ.
لە تەوەرێکی ديكهدا، بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی کارەکانیان و ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، ساسان عەونی، سەرجەم فەرمانگەکانی ڕاسپارد پێداچوونەوە بە پلانی کارکردنیان بکەن و ڕۆتین نەهێڵن و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکەن، هەر فەرمانگەیەکیش لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە گلەیی لێ بکرێت، دووچاری سزای کارگێڕی دەبێتهوه.