وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێرى كرد
* زمانی كوردی لەسەر تابلۆی زیاتر لە ١٠٠٠ شوێنی گەشتیاری و بازرگانی لە هەولێر نووسراوە و كراوە بە زمانی یەكەم.
* پێویستە سیستەمی جۆریی ئایزۆ پەیڕەو بكەن و بڕوانامەی ئایزۆ وەربگرن.
ڕۆژى دووشەممە ١٩ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەدواداچوونی ئیشوكارەكانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێری كرد و لەلایەن دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێرەوە پێشوازی لێ كرا.
لەمیانەی ئەو بەسەركردنەوەیەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەر كردەوە. دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا كە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و سەرجەم سەرۆك بەشەكانی فەرمانگەكە بەڕێوە چوو، ساسان عهونى بەدواداچوونی بۆ ئیشوكاری بەشەكان و شوێنە گەشتیارییەكان كرد. وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ بە باشی بەڕێوەبردنی كارەكانیان، هاوكات پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ دووپات كردنەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بەشێكی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر گرنگیی ڕۆڵی گەشتوگوزار لە بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان، لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە كرد و گوتى: گەشتوگوزار كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی ئابووری و بووژانەوە و ناوبانگی كوردستان هەیە، بۆیە بەردەوام مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە لەو سێكتەرە گرنگە دەڕوانێت و جەخت لەسەر پەرەپێدان و باشتركردن و بووژاندنەوەی دەكاتەوە. هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە دەبێت ڕێكخستنەوەیەكی گشتی بە كاروبارەكانتان بكەن و مامەڵەتان لەگەڵ هاووڵاتییان و خاوەن شوێنە گەشتیاری و گەشتیارەكاندا باش بێت و بە بيری نوێگەری پەرەی زیاتر بە سێكتەری گەشتوگوزار لە سنووری پارێزگەی هەولێر بدەن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە تەوەرێكی تری سەردانەكەیدا، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیيەتی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری بەكوردیكردنی تابلۆی شوێنە گەشتیاری و بازرگانییەكان كرد، لەمبارەیەوە دووپات لەوە كرایەوە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە كۆی ١٤٠٠ شوێنی گەشتیاری و بازرگانی زیاتر لە ١٠١٢ شوێن تابلۆكانیان بە كوردی كراون و پرۆسەی پشكنین و بەكوردیكردنی ئەو شوێنانەی هەتا ئێستا ماون، بەردەوامە و كاری جدیان لەسەر دەكرێت. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لێ كردن كاری جدی و باشتر بۆ بەكوردیكردنی تابلۆی شوێنە گەشتیاری و بازرگانییەكان بكەن.
هاوكات فەرمانیشى كرد دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، سیستەمی جۆریی ئایزۆ پەیڕەو بكات و بڕوانامەی ئایزۆ بۆ نەهێشتی ڕۆتین و باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكان وەربگرن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش لەم ڕووەوە هاوكار و پاڵپشت دەبێت.