وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شەقڵاوەى كرد
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شەقڵاوەی کرد.
لە دیدارێکدا کە هەر یەک لە دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و هەژار مستەفا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شەقڵاوە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و سنوورەکە ئامادەی بوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ ئیشوکاری بەڕێوەبەرایەتییەکە و جوڵەی گەشتیاری و پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکانی شەقڵاوە و دەوروبەری کرد.
ساسان عهونى جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی سێکتەری گەشتوگوزار بە گشتی کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆر بەو کەرتە دەدات و لەو ڕوانگەیەوە دووپاتی کردەوە پێویستە بایەخی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری لە شەقڵاوە بدرێت، بەو پێیەی ناوچەیەکی گەشتیارییە و لە هەموو وەرزەکاندا گەشتیاری ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕووی تێ دەکەن، هەروەها هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری کەرتی گەشتوگوزار لە سنووری شەقڵاوە و دەوروبەری دووپات کردەوە.
دواتر وهزيرى شارهوانى و گهشتوگوزار پرۆژەیەکی ماتۆڕسکل و چێشتخانەیەکی گەشتیاری و هەروەها مۆتێڵێک و کۆمەڵگەیەکی گەورەی گەشتیاری کردەوە و به جیا سەردانی سەرجەم بەشەکانی مۆتێڵ و چێشتخانە و پرۆژەکان و کۆمەڵگە گەشتیارییەکەی کرد و وێڕای پیرۆزبایيی کردنەوەيان، هاوکات ئەو پرۆژانەی بە گرنگ لەڕووی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران ناو برد و جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی هەر جۆرە پرۆژەیەکی گەشتیاريی کەرتی تایبەت کردەوە، بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ کەرتی گەشتیاريی حکومەت، ڕۆڵیان لە سەرنجڕاکێشانی گەشتیاراندا هەبێت.