Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كۆدەبێتەوە

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٩، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەدواداچوونی ئیشوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكە و سەرجەم شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێری كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی مەریوان عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و زیاتر ٣٠ سەرۆك شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر و سەرۆك بەشەكانی بەڕێوبەرایەتییەكە بەڕێوە چوو، لەسەر چەندین ئاستی جۆراوجۆر بەدواداچوون بۆ كار و پرۆژە و پلانی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەكە و سەرجەم سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لە دەوروبەری هەولێر كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتادا تیشكی خستە سەر بایەخدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پرۆژەی خزمەتگوزاری، بۆ هاووڵاتییان بەگشتی و بەتایبەتی دەوروبەری شارەكان. سەبارەت بە ڕوانگەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوە كرد مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە حكومەت و فەرمانگەكانی، حكومەتی هاووڵاتییانە و ئامانجی سەرەكیی حكومەتیش دابینكردنی خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتییان، بۆیە فەرمانگەكانی شارەوانیش ئەركی سەرشانیانە دەبێت خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن و بەوپەڕی ڕێزەوە كار و مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ و ڕایی بكەن لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان بەو شوێنانەی پێویستیانە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی حكومەتن و دەبێت ئێوەی سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر بەوپەڕی دڵسۆزییەوە شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەك بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان.
هەروەها بە توندی داوای لە سەرجەم سەرۆك شارەوانییەكان كرد كە نابێت مامەڵە و كاری هاووڵاتییان دوابخرێت و دەبێت لە وادەیەكی دیاریكراودا مامەڵەكانیان جێبەجێ بكەن، هەر شارەوانییەكیش كەمتەرخەمی بكات و نەتوانێت خزمەتی پێویست پێشكەش بكات، دووچاری سزای كارگێڕی دەكرێتەوە، چونكە خزمەتكردنی هاووڵاتییان ئامانجی سەرەكیی حكومەت و ئەركی سەرشانمانە و دەبێت بە باشترین شێوە خزمەت بە شار و هاووڵاتییان بكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ماوەی یەك هەفتەی وەكوو مۆڵەت دایە شارەوانییەكان، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێ و پرۆسەی خاوێنكردنەوەی شارەوانییەكان بەتایبەتی دەروازەی شارەوانییەكان و بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانكاری لە سنووری شارەوانییەكان پلانی نوێ پێشكەش بكەن، لەمبارەیەوە گوتیشی: لە ماوەی یەك هەفتەدا ڕاپۆرتی كاركردنم دەوێت و لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ كارەكان دەكەین، تەنانەت دەبێت بە وێنە و ڤیدیۆ پرۆژە و كارە نوێیەكانتان بەرز بكەنەوە، ئەوەی كەمتەرخەمی بكات، دووچاری سزای كارگێڕی دەكرێتەوە.
هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم شارەوانییەكانی ڕاسپارد دەبێت لە بەیانییەوە دەست بەو پلانە نوێیە بكەن بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سنووری شارەوانییەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە هەموو ڕووێكەوە.