Skip to the content

ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەردەوامن و پرۆسەكەش خێراتر دەكرێت

ڕۆژى دووشەممە ٢٦ى ئابى ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆك شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە خێراتركردنی ئامادەكاریی دابەشكردنی زەوی بەڕێوە چوو.
لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئیشوكارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرا و تێیدا لەلایەن سەرجەم شارەوانییەكانەوە داتا و زانیاریی ورد و گرفتەكانیان سەبارەت بەو پرۆسەیە خستە ڕوو، كە ژمارەیەك لە شارەوانییەكان بەشی زۆری كارەكانیان تەواو كردووە لە دابینكردنی زەوی و دانانی نەخشەی كەرتی و ژمارەی فەرمانبەران و لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكەش بەردەوامن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، باسی لە گرنگیی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كرد و جەختی لەسەر خێراتركردنی ئامادەكاریی شارەوانییەكان كردەوە و ڕایسپاردن ئەوانەی تاوەكوو ئێستا ئامادەكاریی تەواویان نەكردووە یان گرفتیان هەیە، بە زووترین كات گرفتەكانیان چارەسەر بكرێن، جەختی کردەوە پێویستە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بە زووترین کات تەواو بكەن و نەخشەی كەرتی بۆ زەوییەكان دابنێن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران لەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند ببن بە وەرگرتنی زەوی.
بەگوێرەی ئەو زانیاری و داتایانەی لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن شارەوانییەكانەوە خرایە ڕوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە لە ئاستێكی زۆر باشدایە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاماژەی بەوە كرد لە ١٠ی مانگی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت و پێویستە تا ئەو وادەیە سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو كرابن و بەرەوپێشچوونی زۆرتر ڕوو بدات.