Skip to the content

به‌دواداچوون بۆ كاره‌كانی پرۆژەى دووسایدی شەقامی گەزنە ده‌كرێت

ڕۆژى شەممە ٢٤ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگه‌داربوون لە چۆنیيەتى بەڕێوەچوونى کارەکانی، پرۆژەى جووتسایدی شەقامی گەزنە تا شەقامی ١٢٠ مەتريیان بەسەر کردەوە، کە شەقامێکى گرنگ و ستراتیژیى شارى هەولێرە و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو چارەسەركردنی گرفتی هاتوچۆى هاووڵاتییان، لەسەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە شێوەى بەڵێندەرایەتی، لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپه‌وه‌ جێبەجێ ده‌کرێت.
لە بەسەرکردنەوەکەیاندا هەر یەک لە جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای ناوەندی هه‌ولێر یاوەریان بوون، وەزیری شارەوانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشيیان لە ئەندازیار و سەرپەرشتیار و کرێکارانى پرۆژەکە کە بە دیزایین و بە شێوەیەکی سەردەمیيانە کارەکانیان ئەنجامرداوە، ئاماژەیان بەوە دا: پرۆژەکە تا ئێستا كاری زۆر باشی تێدا كراوە، ڕاشیانگەیاند: ئەمه‌ پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژییە بۆ شارى هەولێر و جەختیان لە بەردەوامیدانى پرۆژەكان به‌ گشتی کردەوە و دووپاتیان کردەوە كه‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕژدە لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان.
گرنگیی شەقامی دووسایدی گەزنە لە كاتی تەواوبوونیدا شەقامی خێرای ١٢٠مەتریی هەولێر تا دهۆك و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، واتە بەستانەوەی هەولێر و دهۆك بە شەقڵاوە - حاجی ئۆمەران و بەستانەوەی بە كۆیە و سلێمانی، بەوەش كاریگەریی زۆرى دەبێت لەسەر جوڵەى بازرگانى و ئاسانكاریی هاتوچۆی هاوڵاتییان لە شاری هەولێر.