بە گوژمەی ههشت ملیار دینار پرۆژەیهك بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو جێبهجێ دهكرێت
لە چوارچێوەی کارەکانی چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو، ڕۆژى شەممە 24ى ئابى 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گهشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیيەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە، کە بە گوژمەی ههشت ملیار دینار، لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، پرۆژەکەیان بەسەرکردەوە.
لەو بەسەرکردنەوەیاندا كه هەریەک لە جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای ناوەندی ههولێر یاوەریان بوون، دوای ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی پرۆژەکە لە چۆنیيەتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان کۆڵییەوە، دەستخۆشیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە کرد و جهختيان لە گرنگی و ستراتیژیيەتی پرۆژەکە بۆ شاری هەولێر کردەوە، هەروەها ئاماژەیان بەوە دا کە بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە دەتواندرێت بەشێکی زۆری ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت کە ساڵانە لەو شوێنەدا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو، جگە لە مەترسیی دروستبوونی لافاو، ئاستەنگی هاتوچۆشی بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران دروست دەکرد.
پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی (هەولێر- شەقڵاوە) و دەوروبەری شەقامی خێرای 150 مەتری، بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی ( 3 × 3 مەتر)ی لەسەر شەقامی سەرەکیی هەولێر - شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی خێرای 150مەتری، بە درێژيی زیاتر لە سێ کيلۆمهتر و دروستکردنی ئاوبەری سندووقی دووچاوە ( 2.5 × 2.5 مەتر)ی بە درێژيی (60) مەتر، لەسەر شەقامی خێرای 150 مەتری. بڕياريشه پێش وهرزى بارانبارين پرۆژهكه تهواو بكرێت.