Skip to the content

قۆناغێكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 241 شەقام له‌ هەشتی حەسارۆك دەستی پێ كرد

ڕۆژى سێشەممە ١٣ى ئابى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار و تیمێکی ئەندازیارانی پرۆژەکە، لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، قۆناغێکی نوێ لە زۆنی Dى گەڕەكی هەشتی حەسارۆک، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستی پێ کرد.
ئەو قۆناغەی پرۆژەكە زیاتر لە ٣٧٥٠ پارچە زەوی لێی سوودمەند دەبن و ماوەی تەواوکردنی ١٨٠ ڕۆژی ڕۆژژمێری بۆ دیاری کراوە، هەروەها كاری خۆڵكاری بۆ ٢٤١ شەقام دەكرێت، بە درێژیی ٤٨ کیلۆمەتر و لەسەر ڕووبەری ٧٣،٠٠٠م٢، بە تەواوبوونیشى پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە هەشتی حەسارۆك زۆر بەرز دەبێتەوە.
ئەو قۆناغەی پرۆژەكە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی کاری خۆڵکارییە بۆ زۆنى D لە هەشتی حەسارۆک، بە گوژمەی ٩٧٢ مليۆن و ٧٣٠ هه‌زار دينار، لەسەر داهاتی ١٠٠%ى سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لەلایەن تیمەكانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە جێبەجێ دەكرێت.