Skip to the content

كۆبوونەوەیەك لەبارەی پاراستنی ژینگە و ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر بەڕێوە چوو

ڕۆژى چوارشەممە ١٤ى ئابى ٢٠٢٤، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنى ژینگە، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر بەڕێوە چوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕاوێژكار و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەرپرسە پەیوەندارەكانی هەولێر ئامادەی بوون، پرسی فراوانكردن و ڕێكخستنەوەی ناوچە پیشەسازییەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی، لەپێناو پاراستنی ژینگە، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێرەوە، بە داتاشۆ شیكارییەك سەبارەت بە ناوچە پیشەسازییەكان و چۆنیەتی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر پێشكەش كرا.
بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكان و ڕەچاوكردنی لایەنی تەندروستی و جوانكاریی شار و بە مۆدێرنكردنی ئەو كەرتانە لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا جەختی لەسەر کرایەوە.
هەروەها ڕێكخستنەوە و فراوانكردنی ناوچە پیشەسازییەكان، لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر، بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
دووپات لە گرتنەبەری ڕێكاری نوێ و پێویست لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرەستەکانی ژینگەدۆستی و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر كرایەوە.