Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێری کرد

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەدواداچوونی کارەکانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێزان سەعدی عەزیز، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر و سەرۆک بەش و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوە چوو، لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی باشترکردنی ئیشوکاری فەرمانگەکە و داواکاریی هاووڵاتییان کرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، تیشکی خستە سەر سیاسەت و ڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە هەموو ڕوویەکەوە، لە نێویاندا ئاماژەی بە سێکتەری ئاو کرد، کە یەکێکە لە گرنگترین سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکات. هاوکات باسی لە ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێر کرد، کە ژمارەیەک فەرمانگەی ئاوی قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری هەولێر لەخۆ دەگرێت، وێڕای سوپاس و پێزانین کە تاوەکوو ئێستا کاری باش و خزمەتی گەورەیان پێشکەش بە دانیشتووانی شارۆچکەکانی هەولێر کردووە. هاوکات ساسان عەونی، جەختی لەسەر پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوکاری فەرمانگەکە کردەوە و داواشی لێ کردن لە چوارچێوەی سیاسەتی حکومەت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن و ڕۆتێن نەمێنێ و نابێت مامەڵەی هاووڵاتییان دوابخرێت و پێویستە بەزوویی مامەڵەکانیان ڕایی بکەن.