Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر كۆبووه‌وه‌ و بەدواداچوونى بۆ كارەكان كرد

ڕۆژى سێشەممە ١٣ى ئابى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكانیان و جەختكردنەوە لەسەر باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و سەرجەم سەرۆك بەش و بەرپرسی هۆبەكانی فەرمانگەكە ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ ئیشوكاری فەرمانگەكە، بە تایبەتی داواكاریی هاووڵاتییان كرد و هاوكات سەرجەم بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەر كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاو و چۆنیيەتی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان و بایەخدانی زیاتر بە تۆڕەكانی ئاو و چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەیان و نەهێشتنی ڕۆتین و داواكاریی هاووڵاتییان و چەند تەوەرێكی تر گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سێكتەری ئاو كرد و لەمبارەیەوە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە; سێكتەری ئاو یەكێكە لە سێكتەرە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتییان و ئاوەدانيی كوردستان، بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دووپات لە بایەخدانی زیاتر بەو سێكتەره‌ و باشتركردنی پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان دەكاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە بودجەیەكی زۆرى بۆ خەرج دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەرپرسانی فەرمانگەكە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: دەبێت ئێوە كە بەرپرسیارييه‌تی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێرتان لەسەر شانە، پێویستە بەوپەڕی دڵسۆزی و گڕوتینی زیاترەوە كاروباری هاووڵاتییان ڕایی بكەن و باشتر سەرپەرشتیی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاو بكەن. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش كردووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییاندا نابێت هیچ جۆرە جیاوازییەك بكرێت و بە یەكسانی و لە چوارچێوەی یاسادا كار بكەن و هەر كەسێكیش لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدا نەبێت و كەمتەرخی بكات، دووچاری لێپێچینەوەی كارگێڕی دەكرێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ فەرمانگەكە، ئاماژەی بەوە كرد "لە ڕابردوودا كاری زۆر باشتان كردووە و دڵسۆزانە لە خزمەت هاووڵاتییاندا بوون، بەڵام دەبێت بۆ لەمەودوا خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بە هیچ شێوەیەك خزمەتكردنی هاووڵاتییان وەكوو منەتێك نیشان بدەنەوە، چونكە ئەو فەرمانگەیە ڕاستەوخۆ بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان دامەزراوە و دەبێت بەوپەڕی هاوسەنگی و دڵسۆزییەوە شەونخوونی لە ئاست خزمەتكردن و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتییاندا بكەن."